جيهان هەواڵەکان

ەمڕۆ لە ئەمریکا رۆژێکی گرنگ و هەستیارە بۆ دیموکراتەکان کە هەوڵدەدەن کۆنترۆڵی کۆنگرێس لەدەست نەدەن. دەنگدەرە ئەمریکییەکان لە سەرانسەری وڵات روو لە بنکەکانی دەنگدان دەکەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی نیوەوەرزی کۆنگرێس، لە کاتێکدا لە دوو ساڵی رابردووی ئیدارەی جۆ بایدنی دیموکراتدا رووبەڕووی زیادبوونی هەڵاوسان، تاوان و کۆچی نایاسایی بوونەتەوە. 

گرەوەکە لەسەر کۆنترۆڵکردنی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانە لە نێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکاندا. لەم هەڵبژاردنەدا 435 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران و 35 لە کۆی 100 ئەندامی ئەنجوومەنی پیران هەڵدەبژێردرێن؛ هەروەها دەیان حاکم و داواکاری گشتی هەڵدەبژێردرێن. 

زیاتر لە 41 ملیۆن کەس لە 47 ویلایەت بە شێوەی پێشوەخت یان لە رێگەی پۆستەوە دەنگیان داوە. 

هەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆ لە قۆناخێکی گرنگی ئابوورییدا دێن. پاشەکشەی ئابووری لەوە دەرچووە تەنیا ئەگەرێک بێت، بەڵکو لەسەر کات ماوەتەوە کە کەی روودەدات. هاوتەریب لەگەڵ ئەوە، هەڵاوسان بە بەرزی ماوەتەوە. هاووڵاتییانی ئەمریکی هەست بە گوشاری زیادبوونی رێژەی سوودی بانکی دەکەن و رووبەڕووی زستانێکی پڕ لە گرژیی جیۆسیاسی دەبنەوە. 

ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆ دابەشبوونی هێز لە نێو کۆنگرێس، دەزگای یاسادانانی ئەمریکا دیاریدەکەن کە ئەوەش دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانی سیاسەتەکانی ئەمریکا، بە تایبەتی لە بواری دارایی و ئابووری.

دەنگدانی ئەمڕۆ رەنگدانەوەی لەسەر ئەم سیاسەتانەی خوارەوە دەبێت:

کەمکردنەوەی باج: ئەگەر کۆمارییەکان لە کۆنگرێس ببنە زۆرینە، ئەوا بێ پشتیوانیی دیموکراتەکان یان جۆ بایدنی سەرۆک، زەحمەت دەبێت بتوانن باج کەمبکەنەوە. 

سنووردارکردنی قەرزەکان: لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2021، سنووری قەرزە فیدراڵییەکان زیادکرا و چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی ئاییندەدا وەزارەتی گەنجینە بگاتە ئەو سنوورە، واتە جارێکی دیکە پێویست دەکرێت بڕەکە زیادبکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەمریکا بتوانێت ئەو پارەیەی بۆ بەڕێوەبردنی حکومەت و بازاڕەکەی پێویستی پێیەتی دابین یبکات. دیموکرات و کۆمارییەکان لەسەر ئەو زیادکردنە ناکۆکییان هەیە، ئەگەر یەکێکیان نەبێتە خاوەن زۆرینەی پێویست لە کۆنگرێس، ئەوا دەکرێت ئەنجامی ناخۆشی بۆ بازاڕەکان هەبێت. 

خەرجییەکان: ئەگەر دیموکراتەکان لە کۆنگرێس بە زۆرینە بمێننەوە، ئەوا حکومەتی فیدراڵی لە ئەگەری پاشەکشەی ئابوورییدا، یارمەتیی زیاتری بازرگانییەکان دەدات، بەڵام ئەگەر کۆمارییەکان بیبەنەوە، ئەوا خۆیان لە پاکێجی یارمەتیی گەورە دەپارێزن. 

دەستەبەری کۆمەڵایەتی: پرۆگرامە تایبەتەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و چاودێریی تەندروستی هەردووکیان لە لایەن دوو پارتە سەرەکییەکەی ئەمریکا گفتوگۆی چڕ و پڕی لەسەر کراوە و چاوەڕێدەکرێت لە دوای ئەم هەڵبژاردنەوە گۆڕانکاری بەخۆیانەوە ببینن. 

یەدەگی فیدراڵی: ئەندامانی کۆنگرێس دژی زیادکردنی سوودی بانکی لە لایەن یەدەگی فیدراڵی بۆ کەمکردنەوەی هەڵاوسان قسەدەکەن. دیموکراتەکان داوایان لە یەدەگی فیدراڵی کردووە سوودی بانکی بە خێرایی بەرز نەکاتەوە. ئێستا کۆمارییەکانیش هاتوونەتە سەر هێڵ. چاوەڕێ دەکرێت لە دوای هەڵبژاردن، هەردوو پارتەکە لەسەر یەدەگی فیدرالی مشتومڕی چڕ بکەن.

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *