نرخی نەوت ئەمڕۆ سێشەممە بەهۆی نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا و سیاسەتی نەهێشتنی هیچ تووشبوویەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین رووی لە دابەزین کرد. هاوکات نرخی زێڕیش نزیکەی پێنج دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک دابەزی.

ئابوورى

هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ سێشەممە، 8-11-2022 زیاتر لە 20 سەنت دابەزی و بە 97 دۆلار و 77 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 26 سەنت دابەزی و بە 91 دۆلار و 53 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

سەرەڕای دابەزینی نرخەکانی نەوت، بانکی ئوسترالی – نیوزیلاندی رایگەیاند، “لە ماوەی کورتخایەندا پێشبینی دەکەن نرخەکانی نەوت بەرەو بەرزبوونەوە بڕوات.”

بانکەکە هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە یەکێتیی ئەوروپا لە رۆژی 5ـی مانگی داهاتووەوە بڕیاری قەدەخەی هاوردەکردنی نەوتی رووسیا جێبەجێدەکات و پێی وایە لەگەڵ نزیکبوونەوە لەو وادەیە نرخەکان بەرەو بەرزبوونەوە دەڕۆن.

هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە ئامارەکانی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا بڵاوبکرێنەوە سەبارەت بە قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە کە کاریگەری لەسەر ئاراستەی نرخی نەوت دادەنێت.

نرخی زێڕ دابەزی

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ زیاتر لە پێنج دۆلار دابەزی و بە 1675 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. بەپێی شرۆڤەکاران، دوای ئەوەی نرخی زێڕ نەیتوانی ئاستی هەستیاری 1800 دۆلار بشکێنێت، رووی لە دابەزین کردووە.

هەروەها بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نیوەوەرزی کۆنگرێس پێشبینی دەکرێت کاریگەری لەسەر نرخی دۆلار و زێڕ دابنێت.

ئەمڕۆ دەنگدەرانی ئەمریکا چارەنووسی 435 کورسیی کۆنگریس و 35 کورسی لە ئەنجوومەنی پیران دیاری دەکەن. هەر چەشنە وەرچەرخانێک لە پێکهاتەی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کە ئێستا زۆرینەی لەلایەن دیموکراتەکانەوە کۆنترۆڵکراوە، دەتوانێت نرخی زێڕ بەرزبکاتەوە.

کۆنترۆڵکردنەوەی کۆنگرێس لەلایەن کۆمارییەکان دەتوانێت ئیدارەی بایدن رووبەڕووی بەربەست بکاتەوە.

ساگار دوا، شرۆڤەکاری بازاڕی داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( ئێف ئێکس ستریت) لەو بارەیەوە رایگەیاند، لە رووی تەکنیکییەوە ئاراستەی زێڕ بەرەو بەرزبوونەوەیە و ئەگەر بتوانێت ئاستی 1680 دۆلار تێپەڕێنێت، دەتوانێت زیاتر بەرزبێتەوە بۆ نزیکەی 1700 دۆلار. 

نرخی دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان: 

100 دۆلار بەرامبەرە بە 147 هەزار دیناری عێراقی

یۆرۆ – دۆلار 1.000 EUR/USD

پاوەند – دۆلار 1.14 GBP/USD

دۆلار – لیرە 18.52 USD/TRY

یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 36 هەزار و 900 تمەن USD/IRR

یەک دۆلاری ئەمریکی: 61.23 روبڵی رووسی

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *