دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 11ی تشرینی دووەمی 2022، لە لووتکەی چیای ئاکداغ لە سنووری شارۆچکەی چیلیکان لە پارێزگای سەمسوور و بەرزاییەکانی شارۆچکەی پاتنۆس لە پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان یەکەم بەفری ساڵ باری.
بەفربارینەکەی پارێزگای سەمسوور کاژێر 13:49 خولەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستیپێکرد و پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و 3 پلەی ژێر سفری سیلیزی تۆمارکرا؛ هاوکات بەهۆی تەمومژەوە ئاستی بینین بۆ 12 مەتر کەمبووەوە.
هەرچی بەفربارینەکەی پارێزگای ئاگرییە لە کاژێر 15:21 خولەک دەستیپێکرد و زیاتر لووتکەی شاخ و بەرزاییەکانی شارۆچکەی پاتنۆسی گرتەوە، بەڵام کەشوهەوایەکی سارد بەشی زۆری پارێزگاکەی گرتووەتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگای سەمسوور، کەمتر لە دوو کاژێر تەواوی لووتکەی چیای ئاکداغ کە دوو هەزار و 551 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و گوندەکانی قەدپاڵی چیاکە سپیپۆش بوون.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش بەفربارین لە پارێزگای مەلەتێ وەستا کە لە دوێنێ پێنجشەممەوە دەبارێ، بەڵام لە پارێزگای مووش بەردەوامە و کاریگەریی کەشوهەواکەی خستووەتە سەر پارێزگای ئەرزەڕۆمیش.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی تورکیا، هۆشداری بە شوفێران داوە لە کاتی نیوەشەو و بەرەبەیاندا نەچنە دەرەوە.