سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بڕیاری پەرلەمانی لۆکسەمبۆرگ بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش بەرامبەر کوردانی ئێزدی دەکات و دەڵێت: “هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ ئەوەی ئەنجامدەران”ی تاوانەکە سزای خۆیان وەربگرن. 

هەواڵەکان

رۆژی چوارشەممە 9-11-2022 پەرلەمانی لۆکسەمبۆرگ کۆبووەوە و بە زۆرینەی دەنگ تاوانەکانی داعشی بەرامبەر کوردانی ئێزدی بە جینۆساید ناساند. 

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی هەینی 11-11-2022 تویتێکی کرد و تێیدا دەڵێت: “پەرلەمانی لۆکسەمبۆرگ تاوانەکانی داعشی بەرامبەر ئێزدییەکان وەک جینۆساید ناساند. پێشوازییەکی گەرم لەم بڕیارە دەکەم”. 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو هەنگاوەی پەرلەمانی لۆکسەمبۆرگ یارمەتیدەرە تاوەکو لێپێچینەوەی زیاتر لە ئەنجامدەرانی تاوانێک بەرامبەر “کۆمەڵگەیەک بکرێت کە داوای ئاسایش و گەڕانەوە بۆ زێدی باووباپیرانیان دەکەن”. 

مەسرور بارزانی لەبارەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڕێژکردنی برینی کوردانی ئێزدی قسە دەکات و دەڵێت: “هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ ئەوەی هەموو ئێزدییەک بە کۆمەڵگەکەی شادبکەینەوە و ئەنجامدەرانی تاوانەکەش رووبەڕووی دادگە بکەینەوە؛ هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ پاڵپشتیکردنی خێزانە ئاوارەبووەکان و بەردەوام دەبین لەوەی داوای ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال بکەین”. 

لە سەرەتای ئابی 2014دا داعش هێرشیکردە سەر سنووری شنگال لە پارێزگای نەینەوا و نزیکەی 5 هەزار کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژ کران. بەهۆی هێرشەکەوە دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون. 

هەر لەو هێرشەدا شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران؛ لەو ژمارەیە سێ هەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێ و دوو هەزار و 869 کەسەکەی دیکەش لە رەگەزی نێر بوون؛ تاوەکو ئێستا 3 هەزار و 555 کەسیان رزگارکراون. هەر بەهۆی ئەو هێرشەوە زیاتر لە 325 هەزار کوردی ئێزدی ئاوارەبوون.

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *