دوورگەی ساردینیا کە دووەم گەورەترین دوورگەی ناو دەریای ناوەڕاستە، تووشی کێشەی کەمیی دانیشتوان بووەتەوە، هەر بۆیە بەرپرسانی ئیتاڵیا بڕیاریانداوە هەر کەسێک بچێتە دوورگەکە و لەوێ بژیت، 15هەزار یۆرۆشی پێبدرێت.

ئابوورى

ساردینیا، دووەم دوورگەی گەورەی دەریای ناوەڕاستە و بە کەنارئاوەکانی و ئاسمانی شینی بەناوبانگە، بەڵام ئێستا تووشی کێشەی کەمیی رێژەی دانیشتووانی بووەتەوە، چونکە بەشێکی زۆری گەنجەکانی بەمەبەستی دۆزینەوەی هەلی کار، دوورگەکەیان بەرەو شارەکانی دیکە چۆلکردووە.

بە گوێرەی ئاژانسی دەنگوباسی “یۆرۆنیوز”، حکومەتی ئیتاڵیا بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیە، بوودجەیەکی 45 ملیۆن یۆرۆیی تەرخانکردووە و بڕیاریداوە هەر کەسێک بۆ ژیان بچێتە ئەو دوورگەیە، یارمەتی دارایی پێبدرێت.

حکومەتی ئیتاڵیا بۆ پێدانی یارمەتی دارایی، چەند مەرجێکی هەیە و لەوانە ئەوەیە کە بۆ هەمیشە لەو شارە سێ هەزار کەسییەدا بژیت.

مەرجێکی دیکە ئەوەیە کە حکومەت تەنها نیوەی پارەی کڕین یان نۆژەنکردنەوەی خانوو بۆ هەر کەسێک دابیندەکات. مەرجی سێیەمیش ئەوەیە، دوای ئەوەی بەیەکجاری لەو دوورگەیە مایەوە، پێویستە 18 مانگ دواتر مامەڵەی پێدانی مافی مانەوەی هەمیشەیی لە ساردینیا، دەستپێبکەی. 

زۆربەی دانیشتووانی ئەو دوورگەیە پیرن، هەر بۆیە حکومەتی ئیتاڵیا بیری لەو رێگەچارەیە کردووەتەوە. ئێستا تێکڕای تەمەنی خەڵکی ئیتالیا 45.7 ساڵە و بە پێی پێشبینییەکان، ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2050 بۆ 50.7 بەرزدەبێتەوە.

هەروەها پێشبینی دەکرێت، رێژەی دانیشتووانی ئیتاڵیا تا ساڵی 2070، لەسەتا 20 کەم بێتەوە و لە 59.55 ملیۆن کەسەوە بۆ 47.6 ملیۆن کەمبێتەوە.

ئەو کێشەیە لە گوند و دوورگەکانی وەکوو ساردینیا زیاتر بەرچاوترە. 

ئەوانەی بڕیاری ژیان لەو دوورگەیە دەدن، رەنگە تەمەندرێژتر بن، چونکە ئێستا نزیکەی 500 دانیشتووی ئەو دوورگەیە، زیاتر لە 100 ساڵ تەمەنیانە.

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *