ئه‌مڕۆ هه‌یینی (11ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا رایگه‌یاند، دوای کشانەوی سوپای رووسیا لە خێرسۆن، هێزەکانی ئۆکرانیا دەستیان کردووە بە گەڕانەوە بۆ شارەکە، هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوەشداوه، رێگاکانی کشانەوەی هێزەکانی رووسیا لەژێر چاودێری ئۆکرانیادایه و له دژی هەر هەوڵێکی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزەکانیان ده‌وه‌ستنه‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، گۆر کۆناشینکۆڤ، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، له خێرسۆن گواستنەوەی سەربازانی رووسیا بۆ بەشی چەپی رووباری دنێپرۆ، کاتژمێر پێنجی بەیانی ئه‌مڕۆ بە کاتی مۆسکۆ تەواو بووه.
جه‌ختیشی له‌وه‌كرده‌وه، هیچ یەکە و کەرەسەتەیەکی سەربازی لە بەشی راستی رووبارەکە بەجێنەماوە، هه‌روه‌ها گشت سەربازەكانیان گواستووه، یەکە سەربازییەکان هێڵەکانی بەرگرییان گرتووە و هیچ سەربازێک نەبووەته قوربانی، چەک و کەرەستە سەربازییەکانیش زیانییان پێنەگەیشتووە. گوتیشی: یارمه‌تی ئەو هاوڵاتییانەماندا كه ویستیان بەشی راستی رووبارەکە چۆڵ بکەن.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بە شەو هێزەکانی ئۆكرانیا بە سیستەمی هایمارسی ئەمریکی پێنج جار پردەکانی سەر رووبارەکه‌یان بۆردوومان کردووه.