سوپای تورکیا کوژرانی سەربازێکی لە رووبەڕووبوونەوەی گەریلاکانی پەکەکە لە ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.

هەواڵەکان

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەمڕۆ هەینی 11ی تشرینی دووەمی 2022 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، کوژرانی سەربازێکی وڵاتەکەی بەناوی ئێمرە سەڤینچ لە میانی رووبەڕووبوونەوەی گەریلاکانی پەکەکە لە ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە ناوچەی ئاڤاشین لە خاکی هەرێمی کوردستان راگەیاند.

بەمەش وەک لە راگەیێندراوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپای تورکیا لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە لە هەرێمی کوردستان کوژراون، گەیشتە 66 سەرباز.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا راشیگەیاند، ئەمڕۆ لە ناوچەی خواکوڕک و لە ئەنجامی هێرشێکی هێزەکانیاندا، شەش گەریلا کراونەتە ئامانج. 

هەر ئەمڕۆ ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل بڵاویکردەوە، لە ناوچەکانی ئاڤاشین و خواکوڕک شەش سەربازی تورکیا کوژراون و سەربازێکی دیکەش برینداربووە. بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 463 گەریلا و کوژرانی 66 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ لە بەرامبەردا هەپەگە کوژرانی دوو هەزار و 209 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 157 گەریلای راگەیاندووە.

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *