نرخی نەوت بە رێژەی زیاتر لە 2٪ بەرزبووەوە

ئابوورى

سەرچاوە : رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت لە دوایین کاتی داخستنی بازاڕەکاندا لە رۆژی هەینی بە رێژەی 2٪ بەرزبووەوە، ئەمەش بەهۆی ئاسانکردنی رێوشوێنەکانی هاتووچۆ لە چین کە هیوای ئەوەی لای بازرگانان دروستکردووە کە خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بەرزبکاتەوە. 

نرخی نەوتی برێنت درەنگانی شەوی هەینی دوو دۆلار و 32 سەنت بەرزبووەوە و بە 95 دۆلار و 99 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە رێژەی 2.9٪ بەرزبووەوە و بە 88 دۆلار و 96 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەرچەندە نرخی نەوت لە رۆژی هەینی بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بەڵام لە ئاستی هەفتانەدا دابەزینی تۆمارکردووە.

نرخی نەوتی برێنت هەفتەی رابردوو بە تێكڕا بە رێژەی 2.6٪ و نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش بە رێژەی 4٪ لە هەفتەی رابردوودا دابەزینیان بەخۆوە بینیوە.

حکومەتی چین بڕیاریداوە ماوەی کەرەنتن بۆ ئەو گەشتیارانەی روو لەو وڵاتە دەکەن کەمبکاتەوە بۆ دوو رۆژ دوای گەیشتنیان. هەروەها یەکێکی دیکە لە بڕیارەکانی حکومەتی چین کە پێشتر سزای هەر هێڵێکی ئاسمانی دەدا کە تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای گواستبێتەوە، ئێستا هەڵوەشێندراوەتەوە.

جیم رێتێربووش، سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاریی (رێتێربووش) رایگەیاند، “گۆڕانکاری لە سیاسەتی چین لە دژی پەتای کۆرۆنا بووەتە هۆکار بۆئەوەی ئاراستەی بازاڕی نەوت بەرەو بەرزبوونەوە گۆڕانکاری بەسەردابێت و بەوپێەش زۆربەی زیانەکانی هەفتەی رابردوو قەرەبوو بکرێتەوە.”

شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیە رایگەیاند، “ئەندامانی ئۆپێک پڵەس بە وریاییەوە دەڕواننە گۆڕانکارییەکانی ناو بازاڕی نەوت و هێشتا نادڵنیایی زۆر لە بازاڕدا هەیە و بەوپێیەش بڕیاری کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کە مانگی رابردوو داویانە جێەجێدەکەن.”

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1765 دۆلار بەرزبووەوە 

نرخی زێڕ لە دوایین کاتی داخستنی بازاڕەکاندا لە ئێوارەی رۆژی هەینی بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە سێ هەفتەی رابردوودا و هەر ئۆنسەیەکی بە 1765 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ دابەزینی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە بووتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان پێشبینی بکەن خراپترین رەوشی هەڵاوسان لەو وڵاتە کۆتایی پێهاتووە و لەبەرئەوەش بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە چەند مانگی داهاتوودا کۆتایی بە سیاسەتی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەهێنێت.

بەپێی ئامارەکانی هەڵاوسانی مانگی 10 لە ئەمریکا، رێژەی هەڵاوسان لەو مانگەدا دابەزیوە بۆ خوار 8٪ و بەو پێیەش ئاراستەی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بەرەو کۆتایی دەڕوات.

باب هابێرکۆن، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئار جی ئۆ فیوچەرز) رایگەیاند، ” دابەزینی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بەهای دۆلار دابەزێت و رێگەی بۆ ئەوە خۆشبکرێت کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا مانگی داهاتوو لە بری 0.75٪ تەنیا بە رێژەی 0.5٪ سوودی بانکی بەرزبکاتەوە.”

دابەزینی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی لە ماوەی دوو رۆژدا بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە گەورەترین دابەزین لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا تۆمار بکات.

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *