راوێژکارێکی سەرۆکوەزیران: رەشنووسی یاسای 2007ـی نەوت و گازی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان گونجاوە

ئابوورى

سەرچاوە : رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە رایدەگەیێنێت، لە عێراق سێ رەشنووسی یاسای نەوت و گاز هەن، بەڵام تەنیا رەشنووسی ساڵی 2007 بۆ هەرێمی کوردستان باشە وتوێژی لەسەر بکات، دەڵێت: “دەبێت هەرێمی کوردستان شاندێک و تیمێکی تەواو شارەزا بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا ئامادەبکات و پسپۆڕی یاسایی و نەوتی بن و زۆر ئاگاداری دەقەکانی نێو رەشنووسەکە نوێیەکە ببن، کە ئامادە دەکرێت.” 

رۆژی پێنجشەممە، 10-11-2022، د. بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە، لەبارەی رەشنووسی یاسای نەوت و گازی عێراق کە بەپێی کارنامەی محەممەد شیاع سوودانی و رێککەوتنی لایەنە کوردستانییەکان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی پێکهێنەری حکومەت دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا ئامادەبکرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: لە عێراق سێ رەشنووسی یاسای نەوت و گاز هەن، یەکەمیان رەشنووسی ساڵی 2007ـە کە تارادەیەک جێی رەزامەندیی هەرێمی کوردستان بوو و ئێستاش دەستکاریی دەوێت و رەنگە ئەمە باشترین بێت، رەشنووسێکی دیکە نووسرایەوە کە لەلایەن وەزارەتی نەوت بوو ئەمە باش نەبوو و زۆر دژی دەسەڵاتە فیدراڵییەکانە، دواتریش لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراقیش رەشنووسێکی دیکەی ئامادەکرد، ئەم دوو رەشنووسەی کۆتایی خراپن و نابێت هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە بکات، ئەگەر نا دەبێت رەشنووسێکی نوێ ئامادەبکرێت.

باشترین بژارە، بە بڕوای ئەو شارەزایە لە بەردەم هەرێمی کوردستان لەو سێ رەشنووسە، ئەوەی ساڵی 2007ـە. هەروەها دەڵێت: “زۆر گرنگە هەرێمی کوردستان شاندێکی شارەزای یاسایی و نەوتیی پسپۆڕ و تەواو ئاگادار ئامادەبکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا و ئاگاداری هەموو کەلێنە یاساییەکان بێت و هەموو وردەکاریی پڕۆسەی نەوت و گاز بزانن، بۆ ئەوەی رەشنووسێک دەرنەچێت دژ بە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بێت.

رۆژی چوارشەممە، 09-11-2022، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری پێکهێنانی شاندێکی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق دا. 

شاندەکەی هەرێمی کوردستان راسپێردراون کە لەبارەی دۆسیەی مادەی 140ی دەستوور تایبەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و دۆسیەی نەوت و گاز و بەشداریی شایستەی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکان و بابەتی ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە و بابەتەکانی دیکەی وەک پڕۆژەیاساکانی (دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی فیدراڵی و نەوت و گاز) گفتوگۆ بکەن و بگەنە میکانیزمێکی هاوبەش لەبارەی ئەو کێشانەوە.

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە، پێیوایە، دەبێت لە دانوستاندنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا نوێنەرانی پارێزگاکانی عێراق ئەوانەی بەرهەمهێنەری نەوتن ئامادەببن.

د. بێوار خنسی بە پێویستیشی دەزانێت هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر دامەزراندنی ئەنجوومەنی وزە بکاتەوە و دەڵێت: “گرنگە ئەو ئەنجوومەنە، نوێنەری هەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی تێدا دەبێت بۆ ئەوەی بڕیارەکان بە تاکە کەسی دەرنەچن، ئەمە بۆ چەسپاندنی زیاتری فیدڕاڵییەتیش پێویستە.”

یەکێک لە دیارترین کێشەکانی نەوت و گاز لە عێراقدا بەتایبەت لە دوای ساڵی 2003ەوە نەبوونی یاسای نەوت و گازە، لە 2007ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لە عێراق رەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان رێگربووە لە تێپەڕاندنی، نەبوونی ئەم یاسایە وایکرد هەرێمی کوردستان خۆی یاسایەک بۆ نەوت و گازەکەی دەربکات.

بەپێی مادەی 112ـی دەستوور، بیرە نەوتەکانی ھەرێمی کوردستان ئەوانەی پێش ساڵی 2005 ـن بەڕێوەبردنیان لەدەست حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت و ھەر بیرە نەوتێکیش دوای پەسندکردنی دەستووربێت، بەھاوبەشی بەڕێوەدەبرێت.

ناکۆکیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەردەوام بوو، تاوەکو رۆژی 15ـی شوباتی 2022، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارێکی لەبارەی دۆسیەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەرکرد و بە “نادەستووریی” ناساندی، داواشی لە هەرێمی کوردستان کرد داهاتی نەوتی بەرهەمهێندراو رادەستی حکومەتی فیدراڵیی عێراق بکات، هەرێمی کوردستانیش کە لەو کاتەوە کەوتووەتە ژێر چەندین گوشاری جیاوە، بڕیارەکەی رەتکردووەتەوە.

د. بێوار خنسی دەڵێت، ئەگەر ویست هەبێت دەتواندرێت رەشنووسێکی باشی یاسای نەوت و گاز ئامادەبکرێت، روونیشی دەکاتەوە: “دەبێت هەموو هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت و گاز لە عێراق نوێنەریان لەو لیژنەیە هەبێت کە رەشنووسە نوێیەکە ئامادە دەکەن و بەشداربن لە نووسینەوەی ئەو پڕۆژەیاسایە یان نوێنەریان هەبێت؛ دەبێت لە دواییدا رەشنووسەکە ببێتە یاسایەک هەمووان هەست بە دادپەروەری بکەن تێیدا.”

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *