جيهان

گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا – پێنتاگۆنەوە دەڵێت، ئەوان دژی هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیین بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر. 

رۆژی سێشەممە 22-11-2022، گوتەبێژێک بەناوی پێنتاگۆنەوە وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و گوتی: “وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بەردەوامە لەوەی دژی هەر جۆرە کردەیەکی سەربازی بێت کە ببێتەهۆی تێکدانی سەقامگیری لە سووریا.” 

گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە کاریگەری لەسەر شەڕی داعش دەبێت و گوتی: “ئەو هەنگاوانە دەبنە هەڕەشە لەسەر ئەو دەسکەوتانەی لە تێکشکاندنی داعش بە زەحمەت بەدەست هێندراون.” 

وەڵامی گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن بۆ رووداو دوای ئەوە هات، بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 20ـی تشرینی دووەمی 2022، تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەناوی چنگ – شمشێر راگەیاند و هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە لە باشووری کوردستان و هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەستپێکرد. 

بەگوێرەی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورکیا 29 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 13 کەسیان خەڵکی سڤیلن، لەگەڵ شەڕڤانێکی یەپەگە و 15ی سەربازی سوپای سووریا. 

رۆژی سێشەممە 22-11-2022 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، بەم زووانە سوپای وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەستپێدەکات. 

ئەردۆغان ئاماژەی بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم چەند رۆژەی سوپای وڵاتەکەی کرد و گوتی: “پەنا بە خودا، زوو بە تانک و تۆپ و سەربازەکانمان لە رەگ و ریشەوە دەریان دەهێنین.” 

لە ئادارەوە تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەکات، بەڵام ئەمریکا، رووسیا و ئێران هەموویان پێکەوە دژی هەر جۆرە هێرشێکی زەمینی بوون.

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *