کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا هەوڵدەدات لەبارەی چاکسازیی تایبەت بە کۆچەوە دابەشکارییەکی نوێ لەنێوان وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپادا بکات و پلانێک بۆ خێراکردنی جێگۆڕکێی پەناخوازان رادەگەیێنێت. 

جيهان

رۆژی دووشەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2022، کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا پلانێکی لەبارەی دابەشکردنی کۆچبەران بەسەر وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا راگەیاند. 

بەگوێرەی پلانەکە، ساڵانە جێگۆڕکێ بە هەشت هەزار کۆچبەر و پەناخواز دەکەن و هاوئاهەنگیی لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوەی کۆچ زیاد دەکەن بۆ ئەوەی ئەو پەناخوازانەی کە مافی پەنابەرێتییان پێنادرێت بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان. 

ئیلڤا جۆهانسن، کۆمیسیاری یەكێتیی ئەوروپا بۆ کاروباری نێوخۆ گوتی، پلانەکە جێبەجێکردنی پلانێک خێرادەکات کە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ 12 وڵاتی ئەندام لەسەری رێککەوتوون. 

بەگوێری ئەو پلانەش، وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا، هەشت هەزار لەو کۆچبەرانە لەخۆدەگرن، کە لە کەناراوەکانیان لەسەر دەریای نێوەڕاست رزگار دەکرێن. 

یەكێتیی ئەوروپا لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەدەست پرسی دابەشکردنی ئەو پەناخواز و کۆچبەرانەوە گیری خواردووە، کە روو لە وڵاتەکانیان دەکەن. دوایینیان کێشەی نێوان فەرەنسا و ئیتاڵیا بوو سەبارەت بە پرسی لەخۆگرتنی کەشتییەکی کۆچبەران کە رووی لە کەناراوەکانیان کردبوو. 

لەو بارەیەوە، جۆهانسن دەڵێت، ئێستا سەرنجەکە لەسەر نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاستە، کە رێگای نێوان لیبیا و ئیتاڵیا دەگرێتەوە و دەڵێت: “رووداوەکانی ئەمدواییە دەریدەخەن کە دۆخەکە سەقامگیر نییە.” 

لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ئیتاڵیا رەتیکردەوە رێگە بە کەشتییەکی رێکخراوێکی ناحکومیی پاراستنی کۆچبەران بدات لە بەندەرەکانی لەنگەر بگرێت کە 234 کۆچبەری هەڵگرتبوو و لە دەریای نێوەڕاستدا رزگاری کردبوون. 

دوای ئەوە، فەرەنسا رێگەی بە کەشتییەکە دا لە بەندەری تۆلۆن لەنگەر بگرێت، بەڵام پلانێکی بۆ گواستنەوەی سێ هەزار و 500 پەناخواز لە ئیتاڵیاوە هەڵپەسارد. 

بڕیاریشە رۆژی هەینی 25ـی تشرینی دووەمی 2022، وەزیرانی نێوخۆی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر میکانیزمێک بۆ بەڕێوەبردنی پرسی کۆچبەران و کێشەی نێوان فەرەنسا و ئیتاڵیا لەبارەی کۆچبەرانەوە کۆببنەوە. 

رۆژی دووشەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2022، ئاژانسی پاراستنی سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا، ناسراو بە فرۆنتێکس لە راگەیێندراوێکدا گوتی کە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تاوەکو مانگی تشرینی یەکەم لانیکەم 257 هەزار و 500 کۆچبەر بەشێوەیەکی نایاسایی سنووری یەکێتییە 27 وڵاتییەکەیان بڕیوە. ئەوەش پێشانیدەدات کە بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو، ژمارەکە بە رێژەی 73٪ زیادیکردووە و لە ساڵی 2016ـەوە بەرزترین رێژەیە. دەشڵێت، تەنیا لە مانگی تشرینی یەکەمدا، 36 هەزار و 500 کۆچبەر چوونەتە وڵاتەکانیان. 

فرۆنتێکس دەڵێت، زۆربەی ئەو کۆچبەرانەش رێگەی وڵاتانی رۆژئاوای بەڵکانیان بەکار‌هێناوە کە ئەلبانیا، مەکەدۆنیای باكوور، کۆسۆڤۆ، بۆسنیا و سڕبیا دەگرێتەوە. بەجۆرێک لەو ماوەیەدا، 128 هەزار و 438 کۆچبەر لەو رێگەیەدا چوونەتە نێو وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا. دەشڵێت، کۆچکردن بەو رێگەیەدا، بەراورد بە ساڵی 2021 بە رێژەی 168٪ زیادیکردووە. باس لەوەش دەکات، ئەو کۆچبەرانەی ئەو رێگەیەیان بەکارهێناوە، هاووڵاتیی عێراق، ئەفغانستان و بروندی بوونە. 

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *