کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا هێزی کاریان کەم دەکەنەوە

ئابوورى تەکنەلۆجیا

نووسینگەی سەرەکی مێتا لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا دەبینن کە خەریکە قەرەباڵخیەکەی کەم ببێتەوە؛ کۆمپانیاکە، کە خاوەندارێتیی ئینستاگرام و وەتسئەپیش دەکات و پێشتر ناوی فەیسبووک بوو، بڕیاریداوە لە کۆی 87 هەزار کارمەند دەستبەرداری 11 هەزاریان بێت کە دەکاتە 13٪ـی کۆی کارمەندانی.

هەنگاوەکە دوای ئەوە دێت کە مارک زوکەربێرگی خاوەنی مێتا رایگەیاند، مەبەستیانە سەرنج بخەنە سەر ژیریی دەستکرد و مێتاڤێرس.

کۆمپانیاکە دەڵێت، لە ساڵی 2021 دا سەروو 15 ملیار دۆلاریان لە توێژینەوە و پەرەپێدانی مێتاڤێرسدا خەرجکردووە، بەڵام بەدەمەوەچوونی کەم بوو. بەپێی راپۆرتی چارەکی سێیەمی ئەمساڵی کۆمپانیای مێتا، قازانجەکانی کۆمپانیاکە بۆ 4.4 ملیار دۆلار دابەزیون. 

جاسمین، ئێنبێرگ، شارەزای تەکنەلۆژیایە و دەڵێت، “دوو گرەوەکەی زوکەربێرگیش کە هەریەکە لە مێتاڤێرس و خزمەتگوزاریی ریڵزن، نرخی خۆیان بەدەستنەهێناوەتەوە. دوای ساڵێک هێشتا بیرۆکەی مێتاڤێرس روون نییە و بەڵگەیەکی زۆر کەم هەیە کە پێشانی بدات بەکارهێنەران خولیایان بۆی هەیە.”  

ئەم هەنگاوەی کۆمپانیای مێتا چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە ئیلۆن مەسکی خاوەنە نوێیەکەی تویتەر رایگەیاند، لە کۆی 7 هەزار و 500 کارمەند، دەستبەرداری نیوەیان دەبێت.

دوای کڕینی کۆمپانیاکە لەلایەن مەسکەوە، بە گوێرەی پێگەی میت تێکنۆلۆجی، تویتەر ملیۆنێک و 300 هەزار بەکار‌هێنەری لەدەستداوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە یەک مانگ پێش ئێستا، ژمارەی بەکارهێنەری رۆژانەی تویتەر 238 ملیۆن کەس بوو. 

جاسمین دەڵێت، “پلانی مەسک بۆ بەرزکردنەوەی نرخی تویتەر بلوو و بەشداریکردنی بۆ 8 دۆلاری مانگانە وادەکات ژمارەی رێکلامەکان بۆ بەکارهێنەران بۆ نیوە کەمبێتەوە. ئەوەش قەبارەی بینەرانی رێکلام کەمدەکاتەوە، کە هەر خۆی بەراورد بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە قەبارەکەی زۆر بچووکە.”

لەدوای سەرهەڵدانی کۆرۆنا و کەرەنتینە، خەڵکی زیاتر روویان لە بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا کرد، بەڵام لەگەڵ شلکردنەوەی رێکارەکانی پەیوەست بە کۆرۆنا، بەهای پشکەکانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیاش دابەزی. 

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی 2021 دا هەریەکە لە ئەپڵ، گووگڵ، مایکرۆسۆفت و مێتا بەیەکەوە 3.7 ترلیۆن دۆلار زیانیان بەرکەوتووە.

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *