کەژان شاربەشاری ئەڵمانیا دەگەڕێت بۆ پشتیوانی لە “ژن، ژیان، ئازادی”

هه‌مه‌ڕه‌نگ هونەری

رووداو دیجیتاڵ

لە سەرتاسەری ئەوروپا چالاکییەکانی پشتیوانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامن. یەکشەممەی داهاتوو لە کۆڵن شانۆکارێکی کورد بە چالاکییەکی هونەری پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” دەکات.

دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بەگوتەی باوکی دوای دەستگیرکردنی کوژراوە، کەژان ئەسعەدی شار بە شاری ئەڵمانیا دەگەڕێ و لەسەر شەقامەکان بە شانۆ هەوڵدەدات چیرۆکی ئازارەکانی ژنانی رۆژهەڵات نمایش بکات. 

کەژان ئەسەدی، ئەکتەری شانۆ و سینەما ماوەی دوو ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی و بەردەوامە لە پەرەپێدان بە هونەرەکەی و لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی دیاسپۆرا گوتی، “یەکشەممە داهاتوو شانۆیەک بە سێ زمان لە کۆڵن پێشکێش دەکەین و کاتەکەشی کاژێر 5:30 ئێوارەیە لەسەر شەقام”.

کەژان ئەسەدی گوتیشی، “شانۆکە بە زمانەکانی کوردی، ئەفغانی و فارسی پێشکێش دەکرێت، چونکە لەو سێ وڵاتە ژنان دەچەوسێندرێنەوە و پەیامی شانۆکەش ئازادییە بۆ ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ئەفغانستان”.

کەژان ئەسەدی روونیکردەوە، ئەوان لە چەندین شاری ئەڵمانیا شانۆکەیان نمایشکردووە و هەوڵیانداوە زۆرترین بینەری ئەڵمانییان هەبێت و دەڵێت، “بینەرێکی زۆری ئەڵمانیمان هەبووە و شانۆکەمان ئەوەندە کاریگەربوون کە هەندێکجار ئەڵمانەکان لەکاتی سەیرکردنی گریاون”.

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *