بەرگریى شارستانیی عێراق: داڕمانى باڵەخانەکەى بەغدا بەهۆى گڕگرتنى شوشەى بۆنەوە بووە

هەواڵی عێراق

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى عێراق دەڵێت، ئاماژە سەرەتاییەکان ئەوە دەردەخەن کە هۆکارى داڕمانى باڵەخانە سێ نهۆمییەکەى بەغدا، تەقینەوەى شووشەى بۆن بووە لەدواى کەوتنە خوارەوەى ئاسانسوارى باڵەخانەکە.  

11ى تشرینى دووەمى 2022، بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بەگوێرەى ئاماژە سەرەتاییەکان، داڕمانى باڵەخانەکەى ناوچەى وەزیرییەى بەغدا بەهۆى ئەوەوە بووە کە ئاسانسوارى باڵەخانەکە زیاتر لە تواناى خۆى قورسایی تێدا بووە و کەوتووەتە خوارەوە و شۆرتى کارەباى دروستکردووە و بەهۆى ئەوەشەوە شووشەى بۆن گڕى گرتووە و کە جۆرە گازێکى تێدایە زوو گڕ دەگرێت و ئەو رووداوەى لێکەوتووەتەوە.

رۆژی 6ى تشرینى دووەمى 2022، باڵەخانەیەکى سێ نهۆمى لە ناوچەى وەزیرییەى بەغدا گڕى گرت و لەکاتى کوژاندنەوەیدا دوو نهۆمى داڕما و بەهۆیەوە 32 کەس بریندار بوون، کە زۆرینەیان کارمەندى بەرگریى شارستانى بوون.

بەرگریى شارستانیى عێراق دەڵێت، بەر لە رۆژێک لە داڕمانى ئەو باڵەخانەیە بارێکى 140 تۆنى لەو باڵەخانەیەدا کۆگە کراوە، کە گازى برۆبان و ئیسانۆڵ و ئەسیتۆنیان تێدا بووە و لە دروستکردنى بۆندا بەکاردەهێندرێن. 

نهۆمى ژێرەوەی ئەو باڵەخانەیە کارگەیەکى بۆن بووە؛ ئەو 10 کرێکارەى بەرگریى شارستانى رایگەیاند، کەوتوونەتە ژێر داروپەردووى باڵەخانە رووخاوەکە، لەو کارگەیەدا کاریان کردووە. 

10ى تشرینى دووەمى 2022، نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: “تەرمى چوار کەس لەژێر داروپەردووى باڵەخانە رووخاوەکەى ناوچەى وەزیرییەى بەغدا دەرهێندرایەوە کە سووتابوون، بەڵام ناسنامەیان نەزانراوە”.

بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى عێراق ئاماژەى بەوە داوە، تیمەکانیان بەردەوامن لە گەڕان بەدواى تەرمى ئەو کرێکارانەدا کە کەوتوونەتە ژێر داروپەردووى باڵەخانەکەوە.

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *