نرخی دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان

ئابوورى

نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە، 14-11-2022 لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لەم هەفتەیەدا بە رێژەی 1٪ بەرزبووەوە. هۆکارەکەی کرانەوەی زیاتری چین و لادانی بەربەستەکانی هاتووچۆیە. هاوکات نرخی زێڕ بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، کەمێک دابەزی. 

نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 87 سەنت بەرزبووەوە و بە 96 دۆلار و 86 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش 80 سەنت بەرزبووەوە و بە 89 دۆلار و 76 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، ئەمڕۆ دووشەممە بۆ کرانەوەی زیاتری چین و لادانی بەربەستەکانی هاتووچۆ دەگەڕێتەوە کە گەشبینی دروستکردووە بەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە لەوە بەدواوە بەرەو گەشەسەندنی زیاتر بڕوات و بەو پێیەش خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت زیاد بکات.

لە چەند هەفتەی رابردوودا، بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەتی ئەو وڵاتە رێوشوێنی تووندی بۆ هاتووچۆ گرتبووەبەر.

ستێڤن ئێنەس، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (ئێس پی ئای ئەسێت مانەجمێنت) لەو بارەیەوە رایگەیاند، “نرخی نەوت و کانزاکان بەرزبووەتەوە، دوای ئەوەی ئاژانسی تەندروستیی چین رێوشوێنەکانی خۆی لە دژی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەموارکردەوە.”

لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای راوێژکاریی ING رایگەیاند، هەرچەندە چین بەربەستەکانی هاتووچۆی کەمکردوونەوەتەوە، بەڵام بازاڕی نەوت پێویستی بەوەیە هێشتا ئەو وڵاتە ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان بکات.

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1760 دۆلار دابەزی

ئەمڕۆ نرخی زێڕ دابەزی و نەیتوانی درێژە بە ئاستە بەرزەکانی سێ هەفتەی رابردووی خۆی بدات، هەر ئۆنسەیەک بە رێژەی %0.5 دابەزی و بە 1760 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

دابەزینی نرخی زێڕ بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوە روویداوە.

نرخی زێڕ هەفتەی رابردوو گەورەترین بەرزبوونەوەی هەفتانەی خۆی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزی.

کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لەم هەفتەیە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بە رێژەی 0.4٪، بەپێی شرۆڤەکاران، بەرزبوونەوەی تەنانەت ئەو رێژە کەمە لە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ.

نرخی دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان: 

100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 125 دیناری عێراقی

یۆرۆ – دۆلار 1.03 EUR/USD

پاوەند – دۆلار 1.17 GBP/USD

دۆلار – لیرە 18.56 USD/TRY

یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 35 هەزار و 500 تمەن USD/IRR

یەک دۆلاری ئەمریکی: 60.33 روبڵی رووسی

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *