لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراق، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەبارەی گرێبەستی کڕینی پەینێکی ژەهراوی پێکدەهێنێت.

هەواڵەکان

رۆژی چوارشەممە 9-11-2022، زۆزان عەلی، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەی کشتوکاڵ لەبارەی گرێبەستی کڕینی پەینێکی ژەهراوی کۆدەبێتەوە و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنێت. 

ئەندامەکەی لیژنەی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پەینە کە لە کۆمپانیایەکی رووسی کڕاوە، پشکنینی بۆکراوە و دەرکەوتووە کە ژەهراوییە. بۆیە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لیژنەی کشتوکاڵ کۆدەبێتەوە، یەکێک لە خاڵەکانی بەرنامەی کاریان، پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیە لەسەر ئەو بابەتە. 

ئەو پەینە لە جۆرى “داپ”ـە کە جووتیاران بۆ بەپیتکردنى زەوى و بەروبوومەکانیان بەکاریدەهێنن، وەزارەتى کشتوکاڵ ئەمساڵ گرێبەستێکى لەگەڵ کۆمپانیاى گشتیى پەینى باشوور واژۆ کردووە کە سەر بە وەزارەتى پیشەسازییە، بۆ دابینکردنى 50 هەزار تۆن لەو پەینە بۆ جووتیاران و 30 هەزار تۆنى بەدەستگەیشتووە، بەڵام لە یەکێک لە پشکنینەکاندا دەرکەوتووە کە ژەهراوییە و تیشکدەرى کیمیایی تێدایە کە بۆ تەندروستی خراپە بۆ دڵنیابوونەوەش جارێکى دیکە نموونەى ئەو پەینە نێردراوەتەوە بۆ پشکنین لە یەکێک لە تاقیگە نێوخۆییەکانى عێراق. 

پێشتر لە 24ى تشرینى یەکەمى 2022، حەمید نایف، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دابەشکردنى پەینى کیمیایی دروستکراوى نێوخۆییان راگرتووە، کە لەلایەن کۆمپانیاى گشتیى پەینى باشوور بۆیان دابینکراوە، لە کۆى 50 هەزار تۆنى گرێبەستى کڕینى ئەو پەینە، 30 هەزار تۆنیان وەرگرتووە و کاروانى یەکەمى ئەو پەینە لە پشکنیندا کێشەى نەبووە، بەڵام لە کاروانى کۆتاییدا لە پشکنیندا دەرکەوتووە تیشکدانەوەى کیمیایی هەیە، بۆیە جارێکى دیکە نموونەیان لێ ناردووەتەوە بۆ پکشنین. 

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *