دوای ئەوی یانەی ریال مەدرید بە رایۆ ڤاییکانۆ دۆڕا و پێشەنگی لالیگای بە بارسێلۆنا بەخشی، ئەمشەو بلاوگرانا دەیەوێت هەنگاوێکی دیکەش پێش ریال مەدرید بکەوێت.

هەواڵەکان وەرزش

رکابەرییەکانی هەفتەی چواردەی لالیگا بە رووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو یانەی ئێلچی و خیرۆنا دەستپێدەکات، یارییەک کە تێیدا ئێلچی بەشوێن بردنەوەدا دەگەڕێت لەپێناو دەربازبوون لە ناوچەی مەترسیداری دابەزین و دوا پلەی ریزبەندی لالیگا.

ئێلچی تاکە تیپی ئەمساڵی لالیگایە تامی بردنەوەی نەکردووە، لە دوو یاری رابردووشیدا شکستی هێناوە و خاوەنی خراپترین هێڵی بەرگرییە لە خولەکەدا.. ئەو ئەنجامە ریزبەستووە خراپانەی یانەکە لە وەرزی ئەمساڵدا بەدەستیهێناوە وایانکرد، دوێنێ یانەکە دوورخستنەوەی خۆرخی ئالمیرۆنی راهێنەری ئەرجەنتینی لە کارەکەی رابگەیەنێت. دەکرێ ئێلچی ئەمشەو پەرچەکردارێک بەرامبەر بە هەموو دۆخە نەخوازراوەکانی خۆی لە وەرزی ئەمساڵدا پێشان بدات و خۆی بگەیەنێتە یەکەم بردنەوە لە وەرزی ئەمساڵدا.

لە یارییەکی دیکەی شەوەکەی لالیگادا، ئاتلێتیک بیلباو بۆ گەڕانەوە سەر راستەڕێی سەرکەوتن لەپاش شکستی گەڕی پێشوو بەرامبەر خیرۆنا، میوانداری ڤایادۆلید دەکات، یانەیەک بەدرێژایی وەرزی ئەمساڵ تەنیا یەک بردنەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا بەدەستهێناوە و ئەو بردنەوەیەش نزیکەی چل رۆژ لەمەوبەر بوو کاتێک لە خیتافی بردەوە.

تیپەکەی ئێرنیستۆ ڤاڵڤێردی راهێنەر، لە شەش گەڕی رابردووی خولەکەدا ئەنجامەکانی باش نین و خاڵی زۆری لەدەستداوە، ئەو ئەنجامە خراپانە بریتی بوون لە سێ دۆڕان و دوو یەکسانبوون و تەنیا بردنەوەیەک، هەر ئەو ئەنجامانە وایانکرد، بیلباو لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەوە لەناکاو بۆ پلەی حەوتەم داببەزیت.

ئەمشەو هەلەکە لەبەردەم بارسێلۆنادا بەردەست دەبێت بۆئەوەی زیاتر شوێنپێی خۆی لە پێشەنگی لالیگادا قایم بکات، کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ئۆسەسۆنا یاریدەکات.. بارسا دەتوانێ هەلی یەکەم دۆڕانی ریال مەدرید لە وەرزی ئەمساڵی لالیگا بەباشترین شێوە لە بەرژەوەندی خۆی بقۆزێتەوە و چاوەڕێ بکات، ریال مەدرید لە کۆتایی هەفتەکەدا، لە وێستگەی کادیزدا نووچێکی دیکە بدات و خاڵی زیاتر لە دەست بدات.

بارسێلۆنا لە نێوخۆی ئیسپانیادا جیاواز لە ئاستە ئەوروپییەکەی دەردەکەوێت، لە دوای کلاسیکۆوە کە بە شکستی بارسا کۆتاییهات، تیپەکەی چاڤی هێرناندێز ریتمی خێرای بردنەوەکانی خۆی لەدەستنەداوە و وێستگەکانی یاریکردنی ئاسان بووبن یان گران، بلوگرانا مامەڵەی وردی لەگەڵدا کردوون و سەرکەوتنی تێدا بەدەستهێناون و دووپاتیکردووەتەوە، ئامادەنییە هاوشێوەی چامپیۆنزلیگ، دەست لە لالیگاش بەربدات.

ریتمە جێگیرەکەی بردنەوە یەک لە دوای یەکەکانی بارسا ئەمشەو بە وێستگەیەکی قورسدا گوزەر دەکات.. چونکە ئۆسەسۆنا جیا لە گرتنی پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولەکە، لە یاریگەی ئێل ساداردا سەرسەختانە دەجەنگێت و بەرگری لە خاڵەکانی بەردەستی خۆی دەکات و بەئاسانی چۆک بۆ گەورەکان دانادات.

ئۆساسۆنا دەکرێ وێستگەی دووەم شکستی بارسابێت لە وەرزی ئەمساڵدا، دەشکرێت وێستگەی دڵنیاییەکی دیکەی ئەو یانەیە بێت کە نایەوێ بەر لەوەی یاریزانەکانی بەرەو مۆندیالی قەتەر بەڕێبکات، هەگبەکەیان شکستێکی دیکە و جۆرێک لە بێئومێدی تێدا بێت.

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *