لە پێناو پەروەردەیەكی دروستی منداڵان هەماهەنگی خێزان و قوتابخانە بە پێویست دەزانرێت  

هه‌مه‌ڕه‌نگ

دەستكەوت و پێشكەوتنی گەلان بەوە پێوانە دەكرێت، كە تا چەند بایەخیان بە پەروەردەی دروستی منداڵەكانیان داوە، هاوكات بەهۆی گرنگی پەروەردەكردنی تەندروست، چەمكی پەروەردە خراوەتە پێش چەمكی فێركردن و دەگوترێت پەروەردە و فێركردن. دیارە خێزان و رابەرانی پەروەردە لە قوتابخانەكان لە پەروەردەكردنی منداڵ هەم هاوبەش و هەمیش بەرپرسن، لەم روانگەیەوە و لە راپۆرتێكی گۆڤاری گوڵان شارەزایانی بواری پەروەردە باس لە گرنگی هەماهەنگی خێزان و قوتابخانە دەكەن.

لە دەستپێكدا بەهزاد سەلیم مامۆستای زانكۆ، رایوایە كە مرۆڤ بۆ گەشەی منداڵ پشت بە فێربوون دەبەستێ و زۆرێك لە ڕەفتارەكان لە ژینگەی دەوروبەر فێر دەبێت و وەردەگرێت. هاوكات دەڵێت: «بۆ زۆربەمان ئەم فێربوونە لە خێزانەوە دەست پێدەكات. فێربوون بە چەندین شێوە دێت. هەندێك جار منداڵان فێر دەبن كە ڕاستەوخۆ شتێكیان پێ دەوترێت. بەڵام باوترین ڕێگەی فێربوونی منداڵان بە چاودێریكردنی ژیانی ڕۆژانەیە».

ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئاماژە بەوە دەكات كە «فێربوون و كۆمەڵایەتیكردنی منداڵ زۆرترین كاریگەری خێزانەكەی لەسەرە بەو پێیەی خێزان گرووپی كۆمەڵایەتی سەرەكی منداڵەكەیە. كەواتە شێوازی بیركردنەوە و ھەڵسوكەوت و ئاستی رۆشنبیری ھەر تاكێك بە رادەی سەرەكی بەندە بە خێزان و قوتابخانە و كۆمەڵگەكەی. ئەگەر منداڵانمان داھێنەر نین یان رۆشنبیر و بە بەرھەم نین، ئەوە روونە كە ئاستی رۆشنبیری خێزانەكان و قوتابخانە و كۆمەڵگەكەمان لاوازە و دەبێ پێداچوونەوە و بیركردنەوەی تێیدا بكرێت».

هاوكات گوتی: «گەشەی منداڵ لەم ماوەیەدا لە ڕووی جەستەیی و سۆزداری و كۆمەڵایەتی و هزرییەوە ڕوودەدات كە لە ماڵ و قوتابخانەیە و كاریگەری ھەردوو لایەنی لەسەرە. ئەگەر بینایەكی گەورەت دروست كرد، دەبێت دڵنیا بیت لەوەی كە بناغەیەكی تۆكمەی هەیە، ئەویش بۆ ئەوەی باقی بیناكە بتوانێت بۆ چەندین ساڵ بە بەرزی و بەهێز بوەستێت. ئەگەر بناغەكە بەهێز نەبێت، بیناكە كێشەی دەبێت لە وەستان لەسەر خۆی. هەروەك چۆن مرۆڤەكان، ئەگەر بناغەكانمان پتەو نەبن، ئەوە قورستر دەبێت كە لە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ كەسانی تر و لە كار و تەندروستی و بوارەكانی تری ژیان سەركەوتوو بین. كەواتە، ھیچ گومانی تێدا نییە كە خێزان چەندە گرنگە لە گەشەكردنی منداڵدا.»

 گوتیشی: ڕوسیل دەڵێت، “ماڵ ئەزموونی سۆز و كۆمەڵگەیەكی بچووك بە منداڵ دەبەخشێت هەروەها ئەزموونی پەیوەندی لەگەڵ هەردوو ڕەگەز و تەمەنی جیاواز و كار و بازرگانی و فرەچەشنی ژیانی گەورەساڵانی هەیە، بەمجۆرە لە خێزاندایە كە منداڵ یەكەم پەیوەندی كۆمەڵایەتی خۆی هەیە، كە تێیدا و لە ڕێگەیەوە ئەزموونی خۆی بەدەست دەهێنێت و ڕێكدەخات. جا ئەگەر ئەم پەیوەندی و ئەزموونە لە جێی خۆی و بە پێی بەھا بەرزەكانی كۆمەڵگە و مرۆڤایەتی بوون ئەوا ئەو منداڵە كەسێكی بەكەلك و تەندروست و پڕ بەرھەم دەبێت بۆ كۆمەڵگەكەی و مرۆڤایەتی بە گشتی. كەواتە زۆر گرنگە كە حكومەتەكان لە رێگەی بەرنامە و پلان و پڕۆگرامی تایبەت جەخت بكەنە سەر ھۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە بۆ ئەو بابەتە و راھێنان و راوێژكاری بدرێت بە دایكان و باوكان لە چۆنیەتی ئاراستە كردن و بەخێو كردنی منداڵەكانیان. ھەروەھا زۆر گرنگە و پێویستە كە بودجەیەكی گەورە تەرخان بكرێت بۆ قوتابخانەكان و راھێنانی مامۆستایان بە شێوەیەك كە ھەر كەسێك بۆی نەبێت بە ئاسانی ببێت بە مامۆستا بە تایبەتی لە قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی. بەراستی ئەگەر بمانەوێت داھاتوویەكی باشمان ھەبێت دەبێت نەوەیەكی باشمان ھەبێت و ئەو نەوەیەش دەبێ لە خێزان و قوتابخانە پەروەردەیەكی باشی پێبدرێت تاكو كۆمەڵگە و تاكی تەندروست و پڕبەرھەممان ھەبێت».

سەبارەت بە هەمان پرس خەندە كەمال كە دەرچووی بەشی دەروونناسییە، هێما بۆ ئەوە دەكات كە خیزان یەكەم فێرگەی منداڵە كە هەر لەگەڵ لەدایكبوونییەوە تا كۆتایی ژیان شتی لێوە فیر دەبیت، گوتیشی: «گەورەترین وانەی پەروەردە و رەوشت لە خیزانەوە بە مندالەكان دەدرێت، ئەگەر دایك و باوكەكە پەروەردەیەكی باشیان بكەن، ئەوكات منداڵێكی ئاقڵ و بەڕەوشت پێشكەشی خوێندنگە دەكرێ، راستە منداڵ كاتێكی زۆر لە خوێندنگە بەسەر دەبات و كاریگەری لەسەر رەوشت و ئاكاری منداڵەكە دەبێت، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە كە منداڵ رۆیشتە قوتابخانە ئیهمال بكرێ و پەروەردەی تەسلیم بە مامۆستاكان بكرێت، بەڵكو دەبێ زیاتر هەوڵی لەگەڵ بدرێت، تاوەكو لەگەڵ مامۆستاكان پەروەردەیەكی دروست بكرێت، چونكە بمانەوێ یان نەمانەوێ كۆمەڵێك پەروەردە و بەخێوكردنی جیاواز لە خوێندنگە بەدی دەكرێت، دەبێ خێزان بە هاوكاری مامۆستاكان بزانن چ هاوڕێیەكیان بۆ هەڵدەبژێرن و منداڵەكانیان تێكەڵ بە چ جۆرە منداڵێك ببێ، وەكو مەعلومیشە هاوڕێ كاریگەری راستەوخۆی لەسەر هاوڕێیەكەی هەیە و چاودێری و پەروەردەی دایك و باوكی وشیار و مامۆستای رۆشنبیر و وشیار تاكێكی بەسوودی لێ بەرهەم دیت».

ئەو دەروونناسە لە كۆتایی قسەكانیدا جەخت لەوە دەكاتەوە: «بە بڕوای من پەروەردە پێش خوێندن و تەنانەت نان خواردنیشە، چونكە كە منداڵ پەروەردەی نەبوو هەر بۆخۆی نا بەڵكو بۆ دەوروبەر و خەڵكانی تریش زەرەری ئەبیت.

پشتیوان ساڵح بەرپرسی چالاكیی قوتابخانەكانی پەروەردەی خەبات، لەمبارەیەوە دەڵێت: «پەروەردەكردنی منداڵ بەتەنها ئەركی قوتابخانە نییە، بەڵكو پەروەردەكردن پێش قوتابخانە ئەركی دایك و باوكە وەك خێزان، چونكە خێزان یەكەمین قوتابخانەی ژیانی منداڵە، منداڵ كاتێ دێتە دونیا و چاو دەكاتەوە لەناو ماڵ و خێزاندایە، بەدڵنیاییەوە ئەركی خێزان زۆر سەختە دەبێ ئەو بەرپرسیاریەتە هەڵبگرێت و منداڵ پەروەردە بكات.» هەروەها گوتی: «دایك و باوك پێویستە پێش منداڵ خستنەوە زانیاری ئەوە بەدەست بێنن چۆن منداڵ پەروەردە بكەن، میتۆدەكانی پەروەردەی منداڵ بزانن یان هاوكاری لەكەسانی شارەزا و پسپۆڕ وەربگرن، ئەویش لە ڕێگەی سەردان و خوێندنەوە و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان. خێزان نابێت چاوەڕێی ئەوە بكات قوتابخانە منداڵەكەی بۆ پەروەردە بكات، ڕاستە ئەركی قوتابخانەش پێش فێركردن پەروەردە كردنە، بەڵام دایك و باوكان دەبێ ئەوە درك پێ بكەن و بزانن كە كەسایەتی منداڵ پێش چونە قوتابخانە دروست دەبێت.» پشتیوان ساڵح لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژە بەوە دەكات: «زاناكانی دروونزانی كۆكن لەسەر ئەوەی كەسایەتی منداڵ لە تەمەنی دوو ساڵی هەتا تەمەنی شەش ساڵی زۆر گرنگە بۆ دروست بوونی كەسایەتی منداڵ، واتە خێزان ئەركی لە مامۆستاكانی قوتابخانە سەختترە، خێزان دەبێ وەك مامۆستا قوناغەكانی گەشەی منداڵ بزانێت و كاریگەری قۆناغەكانیش بزانێت، یەكەم قۆناغی گەشە لە ماڵ و خێزان دەست پێدەكات و قۆناغێكی گرنگە، ئەگەر خێزان هەڵەی تێدابكات یان درێخی بكات لە پەروەردەكردنی منداڵەكەی ئەكید لەداهاتوودا باجێكی سەخت دەدا، ئەو منداڵە دەبێتە تاكێكی لادەر و دەبێتە مایەی سەر ئێشە و كێشە و بەڵا بۆ خۆی و خێزانی و كۆمەڵگەش، چونكە منداڵ لەقۆناغی یەكەمی گەشەكردن لەناو خێزاندا گەشەدەكات و پەروەردە دەبێت، ئەم قۆناغەش منداڵ بەلاسایی كردنەوە فێری ژیان و مەعریفە دەبێ، داب و نەریت و ڕەوشت و ئایین لە خێزان دەردەگرێ.» هاوكات گوتی:« ئەوە مانای ئەوە نییە قوتابخانە و مامۆستا هیچ ڕۆڵی نەبێت لەپەروەردە كردن، بەڵكو هاوبەش و تەواوكەری یەكترن، ئەگەر منداڵ بەباشی لەماڵ پەروەردە كرا، ئەوا قوتابخانەش تەواوكەرە و ئاستی پەروەردە و فێركردنی منداڵ زیاتر گەشە دەكات، بە پێچەوانەوە كارەساتە بۆ قوتابخانە و هاوڕێكانی و خێزان و كۆمەڵگەش، چونكە ڕاست كردنەوەی زەحمەتە لەلایەن مامۆستا، لە زۆربەی قوتابخانەكانیش وەك دەزانین ڕێنمایكار و توێژەری كۆمەلایەتی نییە بۆ ئەوەی گرینگی بە ڕەوشت و ڕەفتار و كێشەی قوتابیەكان بدات».

 لە كۆتایی قسەكانیدا ئەو گوتی:« من پێم وایە، خێزان قوتابخانەی یەكەمە، چونكە ئەگەر خێزان سۆز و خۆشەویستی و ئارامی تێدا هەبوو ڕێزی منداڵی گرت و گرنگی و بایەخی بە منداڵدا و پەروەردەیەكی باشی كرد و خۆی نموونە بوو بۆ منداڵەكانی، ئەوا ئەركی قوتابخانەش ئاسانتر دەبێت و تاكێكی سوود بەخش و پێگەیشتوو و بەرپرسیار و خاكیبوون بەرهەم دێت، كە دەبێتە سەرمایەی نیشتمانی، بەپێچەوانەوە تاك لە قۆناغی یەكەمی ژیانی لەناو خێزاندا پەروەردە نەكرا قوتابخانەش بەو هەڵومەرجەی ئێستا ناتوانێ پەروەردەی ئەو منداڵە بەشێوەیەك ڕاست بكاتەوە كە تەندروست بێت، بۆیە دەبێتە مایەی دەردەسەری بۆ قوتابخانە و خێزان و كۆمەڵگا، كەواتە ڕۆڵی خێزان و قوتابخانە گرینگ و كاریگەرە بۆ نیشتمانێك كە سەرجەم تاكەكانی هۆشیار و پڕ زانست و زانیاری و دەروون دروست بن، چونكە ڕێژەی كێشە و تاوان و گشت سەرپێچیەكان دواجار دەگەڕێتەوە بۆ خێزان و قوتابخانە چونكە ڕۆلێكی هاوبەشیان لە پەروەردەكردنی منداڵ هەیە. حكومەتیش بەرپرسە لەهەردووكیان بۆیە پێویستە مافەكانی منداڵ بەباشی دابین بكات و ئاستی و هۆشیاری خێزان و دایبابان بەرز بكاتەوە».

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *