ئەنجوومەنى وەزاریی ئاسایشى نیشتمانیى عێراق رایگەیاند، هاوئاهەنگى لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەن بۆ یەکخستنى هەوڵەکان لەپێناو پاراستنى سنوورەکان و پلانێک بۆ دووبارە بڵاوکردنەوەى هێز لەسەر سنوورى ئێران و تورکیا دادەنێن

به‌په‌له هەواڵەکان

رۆژی 23ى تشرینى دووەمى 2022، ئەنجوومەنى وەزارى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق بە سەرۆکایەتیى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆبووەوە. لە راگەیێندراوێکدا ئەو ئەنجوومەنە ئاماژەى بەوەداوە، لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێى “دەستدرێژى و دەستوەردانەکانى تورکیا و ئێرانیان” کردووە لە سنوورى عێراقدا و بڕیاریانداوە کە هاوئاهەنگى لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان بکەن، لەپێناو یەکخستنى هەوڵە نیشتیمانییەکان بۆ پاراستنى سنوورەکانى عێراق.

ئەنجوومەنى وەزاریى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق رایگەیاند کە بڕیاری داوە پلانێک بۆ دووبارە بڵاوکردنەوەى هێز بە درێژایی سنوورى ئێران و تورکیا دابنێت. هەروەها بڕیاری داوە بە دابینکردنى سەرجەم پێداویستییەکانى پاڵپشتیى لۆجیستى بۆ فەرماندەیی هێزەکانى پاسەوانى سنوور و زیادکردنى کارمەندان و پارەى پێویست.

لە بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کە جێگۆڕکێى بە هەندێک لە کارمەندانى وەزارەتى ناوخۆ دەکەن بۆ بەهێزکردنى خاڵى چاودێریى سنوورەکان.

ئەو بڕیارانەى ئەنجوومەنى وەزاریى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق لەپاش ئەوە هات کە لە سەرەتاى ئەم هەفتەیە تورکیا و ئێران چەند ناوچەیەکى سنوورى هەرێمى کوردستانیان بۆردوومان کرد بە پاساوى بوونى گرووپە نەیارەکانیان.

بەپێی ئامارەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بە درێژایی مانگی ئەیلوول و 10 رۆژی یەکەمی تشرینی یەکەم، ئێران و تورکیا 97 جار سنووری هەرێمی کوردستانیان بەزاندووە و 63 جاریش تۆپبارانیان کردووە.

ئامارەکە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دراوەتە رووداو. بەپێی ئامارەکە، تورکیا و ئێران لە مانگی ئەیلولدا 55 جار سنووری هەرێمی کوردستانیان بەزاندووە: (53 جار لە لایەن تورکیاوە و دوو جار لەلایەن ئێرانەوە). 

هەر لە مانگی ئەیلولدا هەردوو وڵات 50 جار تۆپباران و بۆردوومانی خاکی هەرێمی کوردستانیان کردووە: (تورکیا 45 جار و ئێرانیش پێنج جار).

بەپێی ئامارەکەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لە 10 رۆژی یەکەمی مانگی تشرینی یەکەمی 2022دا ئێران و تورکیا 42 جار سنووری هەرێمی کوردستانیان بەزاندووە (37 جار لەلایەن تورکیا و پێنج جاریش لەلایەن ئێرانەوە).

سەبارەت بە هێرشەکانیش لە ئامارەکەدا هاتووە، بە هەردوو وڵات 13 جار تۆپبارانی خاکی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *