بایدن بەڵێنیداوە تاوەکو ساڵی 2030، دەردانی گازە ژەهراوییە گەرمکەرەوەکان بەراورد بە ساڵی 2005، بە رێژەی لە %52 کەم بکاتەوە.

جيهان هەواڵەکان

رۆژی هەینی، 11-11-2022، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەگاتە هاوینەهەواری شەرەم شێخی میسر لەسەر دەریای سوور بۆ بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا ناسراو بە (27 COP).

بەشداریکردنی بایدن لە لووتکەکە تەنیا بۆ چەند کاژێرێكی کەم دەبێت، چونکە لەوێوە بەرەو کەمبۆدیا لە ئاسیای دوور دەڕوات بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی رۆژی 12ـی ئەم مانگەی وڵاتانی “ASEAN” کە لە 10 وڵاتی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا پێکدێت، تایبەت بە پرسە سیاسی و ئابوورییەکان. لە دوای کەمبۆدیا دەچێتە ئیندۆنیزیا و لە رۆژی 13ـی ئەم مانگە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی وڵاتانی کۆمەڵەی 20دا کە لە 14 تاوەکو 16 بەردەوام دەبن، لەگەڵ شی ژینپینگ، سەرۆکی چین کۆدەبێتەوە.

ئەمریکا و وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان

ئیدارەی بایدن بەڵێنیداوە تاوەکو ساڵی 2030، دەردانی گازە ژەهراوییە گەرمکەرەوەکان بەراورد بە ساڵی 2005، بە رێژەی لە %52 کەم بکاتەوە.

لە مانگی ئابی ئەمساڵ، کۆنگرێسی ئەمریکا لەسەر دەستپێشخەریی ئیدارەی بایدن، پڕۆژەیاسای “وەبەرهێنان لە وزەی پاک” بە بڕی 369 ملیار دۆلاری پەسند کرد، بەڵام هێشتا ئەمریکا و وڵاتە پیشەسازییەکانی دیکە لەژێر گوشاری بەڵێنەکانیانن بۆ قەرەبووکردنەوەی وڵاتە هەژار و تازە پێگەیشتووەکان بەهۆی ئەو زیانەی کە لە ئاکامی گۆڕانی کەشوهەوادا بەریان کەوتووە.

ئاژانسی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە دەرهاوێشتە “کارەساتبارەکان”ـی هاوکارینەکردنی وڵاتە هەژارەکان و بانگەوازێكی ئاراستەی بایدن کردووە و تێیدا دەڵێت، “نامەیەک ئاراستەی سەرۆک بایدن دەکەین تاوەکو لەگەڵ گەلانی جیهان و نەوەکانی داهاتوو، بوەستێت.”

جۆن کێری، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ژینگە بەشداری لە لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا کرد و جەختی لە گرنگی و پێویستیی پێکەوە کارکردنی کەرتی گشتی و تایبەت لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان کرد و گوتی، “باشترین رێگە بۆ گواستنەوە لە وزەی کۆنباو بۆ وزەی نوێبووەوە، کاری هاوبەشی حکومەت و کەرتی تایبەتە.”

کێری راشیگەیاند، “هیچ حکومەتێك لە جیهاندا نییە هێندە پارەی هەبێت بتوانێت براوەی ئەم شەڕەی گۆڕانی کەشوهەوا بێت، چونکە جیهان لەم قۆناخەدا لانیکەم پێویستی بە چوار ترلیۆن دۆلارە.”

ئەمریکا و چین و گۆڕانی کەشوهەوا

بایدن و شی ژینپینگ لە پەراوێزی لووتکەی جی 20 کۆدەبنەوە و ئیدارەی بایدن نەیشاردووەتەوە کە دەیەوێت لەو کۆبوونەوەیەدا و لە لووتکەی جی 20-یش تاوتوێی “چۆنیەتی زیاترکردنی کاری هاوبەشی نێوان واشنتن و پەکین بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بکەن.”

ئەمریکا و چین بە یەکەوە بەرپرسن لە نزیکەی 44٪ی پیسبوونی هەوا، ئەمریکا 14٪، چین 30٪ و هەردوو وڵاتیش بەڵێنی کەمکردنەوەی دەردانی گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆنیان داوە، بەڵام پێناچێت هەنگاوەکانی ئەو دوو وڵاتە و وڵاتانی دیکەی پیشەسازی بتوانن وا لە گەرمای زەوی بکەن لە ئاست 1.5 پلەی سیلیزی بەراورد بە قۆناخی پێش ساڵی 1750 زاینی، بهێڵنەوە.

بایدن و کۆمارییەکان

جگە لە 369 ملیارەکە، ئیدارەی بایدن پڕۆژەیاسایەکی دیکەی بە بڕی 11.4 ملیار دۆلاری خستووەتە بەردەم کۆنگرێس تایبەت بە هاوکاریکردنی ساڵانەی وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان لە گواستنەوەی سەرچاوەکانیان بۆ وزەی پاکی نوێبووەوە؛ لە ئەگەری پەسندکردنی لە ساڵی 2024ـەوە دەخرێتەبواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام کێشە گەورەکەی بەردەم بایدن ئەنجامی هەڵبژاردنی نیوەیی کۆنگرێسە کە ئەگەری زۆرە زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران و بە ئەگەرێکی دووریشەوە زۆرینەی ئەنجوومەنی پیرانیش لە دیموکراتەکانەوە بۆ کۆمارییەکان بگوازرێتەوە و ئەگەر ئەوە رووبدات، ئەگەری زۆرە کۆمارییەکان پڕۆژەیاساکە رەتبکەنەوە.

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *