لەسەر هەڕەشەکردن لەو رۆژنامەڤانانەی کە لە بەریتانیاوە رووماڵی خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا باڵاترین دیپلۆماتی ئێرانی لە وڵاتەکەی بانگهێشتکرد و ناڕەزایی خۆی پێشاندا. 

ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست

لەسەر هەڕەشەکردن لەو رۆژنامەڤانانەی کە لە بەریتانیاوە رووماڵی خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا باڵاترین دیپلۆماتی ئێرانی لە وڵاتەکەی بانگهێشتکرد و ناڕەزایی خۆی پێشاندا. 

لە راگەیێندراوێکی جەمیس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: “بەریتانیا دژی ئەو هەڕەشانە دەوەستێتەوە کە لە وڵاتانی دیکەوە دێن. ئەمڕۆ نوێنەری ئێرانم بانگهێشتکرد بۆ ئەوەی روونی بکەمەوە کە ئێمە بە هیچ شێوەیەک هەڕەشە و تۆقاندن دژی رۆژنامەڤانان یان هەر تاکێکی نێو بەریتانیا قبووڵ ناکەین.”

ئەم هەڵوێستەی بەریتانیا دوای ئەوە هات کە دوو رۆژنامەڤانی ئێرانیی خاوەن وڵاتینامەی بەریتانی کە لەو وڵاتە بۆ کەناڵێکی فارسی کاردەکەن، رایانگەیاند لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە هەڕەشەی کوشتنیان لێکراوە. 

هەروەها راگەیێندراوەکە هاوکاتە لەگەڵ دەنگۆی هەڕەشەکردن لە مەلیکا بالالی، زۆرانبازی تەمەن 22 ساڵانی بە رەچەڵەک ئێرانی کە لە سکۆتلاند دەژی و ئێستا لەژێر چاودێریی پۆلیسدایە.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت: “رژێمی ئێران بە سەرکوتکردنی ئازادیی دەربڕین و بەئامانجکردنی ئەو میدیایانەی لە نێو ئێران کاردەکەن، وەڵامی خۆپێشاندانی بەرفراوانی نێوخۆ داوەتەوە.”

هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە “زیاتر لە 40 رۆژنامەڤان دەستگیر و دەستبەسەرکراون.”

مانگی رابردوو، بەریتانیا سزای بەسەر بەرپرسانی باڵای ئەمنیی ئێران و پۆلیسی رەوشتی ئەو وڵاتەدا سەپاند، بە تۆمەتی ئەوەی هەڕەشەی گرتن و تووندوتیژییان بەکارهێناوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شێوازی جلوبەرگ و رەفتاری ژنانی ئێران. 

خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە 16ی ئەیلوول دەستیان پێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی کە ژینا ئەمینی، کچە کوردی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تۆمەتی نەگونجانی سەرپۆشەکەی لە شاری تارانی پایتەختی ئێران دەستگیرکرا و دواتر لە دەستبەسەریدا گیانی لەدەستدا، وەکو باوکیشی دەڵێت، کچەکەی کوژراوە.

هەرچەندە سەرەتا سەرنجی خۆپێشاندانەکان لەسەر رەتکردنەوەی یاسای سەرپۆشی ناچاری بوو، بەڵام دواتر مەودای ناڕەزاییەکان فراوانبوو و بوون بە هەڵمەتێک بۆ داواکردنی مافەکانی ژنان و یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانی بەردەم حکومەتی ئێران لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی 1979ەوە. 

بەگوێرەی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویجە، لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانەوە لانیکەم 304 کەس کوژراون، لەنێویاندا 41 منداڵ و 24 ژن هەن.

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *